وەک چۆن باری بارھەڵگرە درێژەکان دادەگیرێ
لە پێش دەمی ماڵەکەتدا ئازار و خەمم دادەگرم
دەڵێم شووتکرد
شووت بەو گەنجە کاکۆڵزێڕە
ڕیشپڕە
چاوشینە کرد
ئەی من
من کە بۆنی جۆگە و مێرووی دارستانەکانم لێدێت
من کە دڵم وەک پاوەن دەسووتێت
من کە لابوور و دەفتەر و قەڵەمە بچکۆلەکانی گیرفانم بەجێھێشت
من کە وەکو قوتابییەکی تەمەڵ
لە کاتی تاقیکردنەوەدا لەژێرەوە لێمدەڕوانیت
سەرم دادەنەواند و دەمبینیت
کە گوللە دەیبێژام و ئەی ڕەقیبم دەگووت
بیرم لە چاوە خەواڵووەکانی تۆ دەکردەوە
دەمزانی بە کراسێکی شینەوە چا لێدەنێیت
دەی کە خۆت دەستی بەزەییت ئاوا کورتە
بە وڵاتەکەم بڵێ.
با ھێندە دڵم نەشکێنێ
بەو شۆفێرانە بڵێ
کە وەکو تۆپ لە سەرەتای یاریدا
ھێدی ھێدی
ئەم شارە و شارم پێدەکەن
پێیان بڵێ
با دڵنەوایی غەریبیم بەنەوانێ
وەرە و بچپێنە بەگوێی ئەم نیشتمانە دڵڕەقەدا
و بە پەنجە باریکەکانت نیشانمکە

" بەختیار عەلی"