توند باوەش بەخۆمدا دەکەم
کە ئەو ھەموو تەنیاییە
نەیتوانیوە ناچارم بکات
وجودم لەبازاڕی ھەرزانفرۆشان
بکەمە بوکەڵەی پڕکردنەوەی فەڕاغی ھیچ کەسێک
دەمەوێت ماچی خۆم بکەم
بۆ ئەو شەوانەی
کە بێزاری تالێواری مردن بردوومی
بەڵام خۆمم ھەرزان نەکردووە
بەدزی ھیچ چاوێکەوە خەریکی لەسێدارەدانی کەرامەتی خۆم نەبووم
سوپاسی خۆم دەکەم
کەلەپێناو ھیچ حەزێک و ھیچ خەیاڵێکی کاتی و ھیچ ئازارو ماندوێتیەکدا
ڕێگەم بەھەوەسی کەس نەداوە تەنیاییم بلێسێتەوە
من خۆم و یادگاریەکانی خۆمم خۆشدەوێت
زیارەتی ھیچ بەرماوەخۆرێک
ناتوانێت زەفەری حەزیان پێ ببات