دڵتەنگی ئەوەم جەستەم پیر بووە
دڵتەنگی ئەوەم تۆیش ئەمە دەزانیت
دڵتەنگی ئەوەم ناتوانم باسی بکەم
دڵتەنگی ئەوەم تۆیش ئەمەم پێ ناڵێیت

دڵتەنگی ئەوەم لە خۆشویستنم بێزار بوویت
دڵتەنگی ئەوەم خۆیشم ئەمە دەبینم
دڵتەنگی ئەوەم ناتوانیت پێمی بڵێیت
دڵتەنگی ئەوەم ناتوانم گو‌ێم لێی بێت

دڵتەنگی ئەوەم هەموو شتێک خێرا ڕووی دا
دڵتەنگی ئەوەم هەموو شارێک بچووکە بۆ خۆشاردنەوە
دڵتەنگی ئەوەم ناچار بە کارێکی دیکەیت
دڵتەنگی ئەوەم بەمەیش تەنانەت دڵخۆش نابیت

دڵتەنگی ئەوەم ناتوانم چیتر پەنجەرەکان بسڕمەوە
دڵتەنگی ئەوەم ناتوانم تەنانەت خواردنێک بۆ خۆم ئامادە بکەم
دڵتەنگی ئەوەم کە دەبینم تۆیش تا دێ هیلاکتر دەبیت
دڵتەنگی ئەوەم چیتر بەیانی باش لە یەک ناکەین

دڵتەنگی ئەوەم تەنیا تەلەڤزیۆنەکە قسە دەکات
دڵتەنگی ئەوەم زۆربەی کاتەکە خەوتوویت
دڵتەنگی ئەوەم تۆیش ڕووخسارت زووزوو دەگۆڕێت
دڵتەنگی ئەوەم لەمێژە بە تەنیا نەمتوانیوە بچمە تەوالێت

دڵتەنگی ئەوەم کە ڕقم لە هەموو شتێکە
دڵتەنگی ئەوەم کە ڕقم لە هەموو کەسێکە
دڵتەنگی ئەوەم کە تۆ هێشتا وا نیت
دڵتەنگی ئەوەم کە دێیتەوە بۆ ماڵ
کەچی دڵتەنگی ئەوەم کە درەنگ دێیتەوە

دڵتەنگی ئەوەم کە جارجار تەلەفۆنم بۆ دەکەیت
دڵتەنگی بیستنی ناوی دەرمانەکانمم
دڵتەنگی بیستنی کاتی خواردنیان
دڵتەنگی هەموو ئەو دەنگانەی تر لە تەلەفۆنەکەتدا
دڵتەنگی هەموو ئەو کەسانەی تر
دڵتەنگی هەموو ئەو شوێنانەی تر
دڵتەنگی هەموو ئەو کافێیانە
ئەو هۆتێلانە
ئەو ماڵانە
ئەو جادانە
ئەو هەموو شتانەی هیچمان پێویستمان پێی نییە و دەیکڕین
دڵتەنگی ئەو بێدەنگییە دەستکردانەی ناو تەلەفۆن

دڵتەنگی ئەوەم سبەینێ هەمیشە هەیە

دڵتەنگم خۆشەویستم
خۆزگە نەدەکەوتمە ئەم خەونوخەیاڵەوە

ئەمە کێیە بەردەوام تەلەفۆن بۆ من دەکات
ئەمە کێیە
کە دەزانێت
من
هێشتا
زیندووم

"شاڵاو حەبیبە"