ئەگەر ڕۆژێک نەگەڕایتەوە
ئەگەر دووریت بەم شێوە ترسناکە درێژەی کێشا
لە پاسەوانەکانی سەر سنوور هەواڵت دەپرسم
لە مەیتشۆرەکانی دوورترین گەڕەکی شار هەواڵت
دەپرسم
لە ژنەڕەشپۆشەکانی پەنای کێلی گۆڕەکان هەواڵت
دەپرسم
بۆ کوێ دەڕۆیت بڕۆ تەنها با ئەوینی من
لە سینەتا بێت
تەنها با خوێنی من بە ناو دەمارەکانتا بڕوات
من هەتا نزیکی خۆرئاوابوون چاوەڕێتم
ئەگەر دونیا تاریک بوو
دەڕژێمە سەر ڕێگەی کاروانچییەکان
جێ پێی سمی ئەسپەکانت بۆ پڕ دەکەم لە فرمێسک
ئەگەر نەگەڕایتەوە
چرایەک بە دڵی گۆڕستانەکاندا هەڵدەواسم
ئەگەر منت بیر نەمابوو، لەژێر یەکێک لە گڵۆپەکانی
شەقامێکی چۆڵی شاردا
شەوێکی درەنگ بە دوو چاوی تەڕەوە بانگت دەکەم
شەوێکی درەنگ بە تەنیشتی پشیلەیەکی بێکەسدا
تێدەپەڕم و ناوی تۆ دەهێنم
شەوێک دوای نائومێدی
دوای هەواڵی ونبوونت
پێویستە من هێندە خۆشم بوێی
هێندە بیرت بکەم
هێندە لە تەنیایی بترسم و لەبەردەمی نەبوونتدا
هاوار بکەم
بای شێداری نێوان لقی سنەوبەرەکانیش نەتوانن
وا بە ئاسانی
فرمێسکی چاوم وشک بکەنەوە

شوان سەعید