ئیتر کە خوا بەردێکی خستە نێوانمان
من لە یادەوەری ئەودا خەنجەرم لێ جێما
ئەو لە ڕۆحی من دا بارووتی چاند
ئەو پێوەندی خستە قاچی من ، من کەلەپچەم کردە دەستی ئەو
من ئاگرم بەردایە ماڵی ئەو ، ئەو ژەهری لەبەردەم من دانا
لە زیندانی یەکتردا خۆمان بەند کرد
ئێستا ئێمە گولەین لە سەری یەکتردا
چەقۆین لە ڕۆحی یەکتردا
هەرچۆنێک بجوڵێین برینێک ئەکولێنینەوە
بۆ هەر کوێ بچین ئازارێک بەخەبەر دێنین

دوای ئەوەی یەکترمان تاڵان کرد
هەرکەس گەڕایەوە کۆڵانەکەی خۆی
هەرکەس گەڕایەوە میحنەتخانەکەی خۆی
هەرکەس گەڕایەوە زیندانەکەی خۆی
هەرکەس سەری بە زنجیرەکانی خۆی کرد و
گەڕایەوە جەهەننەمی یادەوەرییەکانی خۆی
ئاوا بوو چیرۆکی ئێمە

ماردین ئیبراهیم