تێبینیم کردوە، زۆربەی هەرە زۆری پیاوانی کورد، شەرمدەکەن لە پێش چاوی دایک و باوکیان ژنەکانیان ماچ بکەن، قەت پرسیوتانە بۆ ؟
چونکە کلتوری سەخیف و سیستەمی بۆگەنی پیاو سالاری وا حاڵی کردوین، ژن کائینێکی زۆر بێ نرخە لە کۆمەڵگای ئێمەداو، شایەنی ئەوەی نیە، لە دەرەوەی ژووری نوستن گرنگی پێ بدرێ. چونکە وا دەزانین هەر ماچێک ئاماژەیە بۆ خرۆشانی جنس و غەریزەی سێکسی پیاو

کەچی گەر سەگێکت هەبێت، ئاساییە دەست بە سەریا بێنی و لە پێش چاوی هەموان ماچی بکەی، بۆ مەگەر ژنانی ئێمە نرخی سەگێکیان نیە ؟ ڕوونە کە نیانە
گەر هەیانبا ئاسایی بو لە شۆستەکان دەستیان بگرین و، لە ماڵەوە دەست بە قژیانا بێنین و، بە خەندەوە لە ئامێزیان بگرین

تەنانەت پیاو هەیە، لەو دەمەی ژنەکەشی دەمرێت، جورئەت ناکا لاشەکەی لە ئامێز بگرێ و فرمێسکەکانی بڕژێنێتە سەر گۆنای، نەکا خەڵکی پیاو بونی بخەنە ژێر پرسیارەوەو، وەک گەوادێ وێنای بکەن، گەر پیاو بون ئەوە بێت، وای چ شەرمێکە پیاو بیت، وای چ کارەساتێکە

هەمیشە وا فێریان کردوین، نابێ لە پێش چاوی مناڵ، ژنەکەت ماچ بکەیت، عەیبە کاتێ تەماشای فیلمێک ئەکەیت، سەری لە سەر کۆشت بێت، بەڵام شەرەفمەندیە لە پێش چاویان جوێنی پێ بدەیت و، بیشکێنیەوەو، دەستخەیتە پرچی و، تفی لێ کەیت
بۆیە تەحەدای زۆربەی پیاوانی کورد دەکەم، ڕۆژێ لە ڕۆژان ماچێکی گەردەنی ژنەکانیان کردبێت، لە فەزایەکی کراوەی خێزاندا، یا لە پێش چاوی دایک و باوکیان
هەر بەڕاست، ژن بەو ئەندازە بێ نرخە؟ گەر ئەوەندە بێ نرخە، بۆچی زەلامی لەسەر دەکوژن؟ ڕەنگە باسی ناموس بێننە گۆڕێ، کاکە گیان ناموس نیە عەزیزم ، گەر تۆ بە تەمەنی خۆت جورئەتی ئەوەت نەبوە، بە حەسرەتەوە بیخەیتە ئامێزتەوەو، خۆشەویستی خۆتی بۆ دەربڕیت ئیتر پیاوێکی تر دێت و ئەم کارە تەواو دەکات

ئەی باشە ئەزانن بۆ چی ژنانی ئێمە زۆر حەزیان بە تاخمی خەو و ژووری نوستن هەیە؟ چونکە دەزانن ئەوە تاکە شوێنە، کە ماهیەتی ڕاستەقینەی پیاوەکانیان بۆ دەرکەوێت

ئەزانن بۆ چی ژنانی ئێمە یەکەم داواکاری زەواجیان، ماڵی جودایە ؟ چونکە دەزانن گەر لە ماڵی خەزوریان بن، پیاوەکانیان بە جۆرێکی تر دەبن
ڕەنگە ژنان زیاتر درکیان بەوە کردبێت و سەرنجیان دابێت، پیاو لە ماڵی باوکی مۆنترین ئینسانە و زیاتر لە پەیکەرێکی بێ دڵ دەچێت، بەڵام هەر کە چونە شوێنگەو مەکانی خۆیان، ئیتر دەبنە مەمی ئەوینداری و پڕ دەبن لە غەریزەو ئەوین

بۆیە دەڵێم؛ پیاو بونت لە هەمو شوێنێک بسەلمێنەو، با ئیتر مناڵەکانمان و نەوەکانی ئایندەمان، ئەم کلتورە سەخیفە هەڵنەگرن

ئا ئەوەشم بیر چو ، تاکو ئیستا گەورەترین جوێن ، کە ئاڕاستەی پیاوێکی بکەیت، ئەوەیە پێی بڵێیت " هەی ژن " کە ئەوەت پێی نەوت، ئیتر هەست بە گەورەترین دۆڕان ئەکەیت، بەڵام ئەوەشت لە یاد نەچێت، کە دایکیشت هەر ژنە

پەشێو حەمەد ئەمین